شەممە, 02 شوبات 2019 07:55

سەماحەتی شێخ دکتۆر ئەلتەها و یونیتاد داوا لە هاووڵاتیانی عیراقی دەکەن زانیاریی دەربارەی تاوانەکانی داعش بە تیمی لێکۆڵینەوە بدەن

بەغدا، 31ی کانونی دووەم 2019 – سەماحەتی شێخ دکتۆر ئەحمەد حەسەن ئەلتەها، سەرۆکی ئەنجومەنی فیقهی عیراق، دوێنێ لە مزگەوتی ئەبو حەنیفە، پێشوازی کرد لە شاندێکی تیمی لێکۆڵینەوەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپرسینەوە لەو تاوانانەی داعش ئەنجامی داون (یونیتاد) بە سەرۆکایەتی بەڕێز کەریمخان، ڕاوێژکاری تایبەت و سەرۆکی تیمەکە .

سەماحەتی شێخ دەستخۆشی لە کارەکانی لێکۆڵینەوەی تیمەکە کرد لە عێراق و پێزانینی خۆشی راگەیاند سەبارەت بەو کۆششانەی دراون بۆ پشتگیریکردنی زیان بەرکەوتووان لە پێکهاتەی سونە و پێکهاتەکانی تریش، ئەوانەی دووچاری داگیرکارییەکی نا یاسایی ببوونەوە بە دەستی داعش. هەردوولا جەختیان کردەوە کە عێراقییەکان بە گشتی ، راستەوخۆ یانیش ناراستەوخۆ مەینەتییان چەشتووە بە دەست تاوانەکانی داعش. هەروەها هەردوولا دووپاتیان کردەوە کە نابێت جیاوازی بکرێت لە نێوان قوربانیەکان و هەر تاکیکیش تاوانی نێو دەولەتی لە لایەن داعشەوە دژی ئەنجامدرابێت شایانی لێکۆڵینەوەیە .

هەروەها راوێژکاری تایبەت گرنگی دا بە کێشەی ئەو منداڵانەی کە لە دەرنجامی لاقەکردن لە دایک بوون و بە پێویستیشی زانی کۆمەڵگا خۆجێیەکان هانبدرێن بۆ گرتنە خۆی دایکان و منداڵان چونکە ئەوانیش بە شێوەیەک لە شێوەکان قوربانی تاوانەکانی داعشن.

سەماحەتی شێخ ئەلتەها و یاوەرەکانی پابەندی خۆیان ڕاگەیاند بە بەکارهێنانی گشت سەکۆکانی بەردەستیان بۆ هاندانی خەڵکی بۆ پێدانی زانیاری بە تیمی لێکۆڵینەوەی یونیتاد. ڕاوێژکاری تایبەت وتی:

"سەماحەتی شێخ و گەورە پیاوانی ئاینی تر لێرەدا بە زۆرینە تێڕوانینیان وا بوو کە تیمی یونیتاد شایانی پشتگیرییە. بەڵێنیشیان داوە کە لە مینبەری مزگەوتەکان پەیامێک ئاراستەی ئەندامانی پێکهاتەی سونە مەزهەبەکان بکەن، چ ئەوانەی مەینەتیان بە دەست داعش چەشتووە، یانیش ئەوانەی زانیاریان هەیە دەربارەی تاوانەکانی داعش، پێویستە زانیاری بدەنە تیمی لێکۆڵینەوە بۆ ئەوەی لێپچینەوە بکرێت"

بە ئاماژە دان بە مەترسی لە سەر ژیان و ئاسایشی ئەو عێراقییانەی زانیاری و بەڵگە پێشکەش دەکەن ، ڕاوێژکاری تایبەت دووپاتی کردەوە کە یونیتاد بە پێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان شایەتحاڵان و ئەوانەی زانیاری پێسکەشدەکەن دەپارێزێت . لەم بارەیەوە وتی :

"یونیتاد پابەندە بە سەلامەتی و بێوەیی ئەوکەسانەی زانیاری یان بەڵگە پێشکەش دەکەن. دڵنیاییش دەدەین کە بە تەواوی ڕێز لە تایبەتمەندییەکانیان دەگیرێت، بۆ ئەوەی بتوانرێت کەیسی تاوانکاری گونجاو دروست بکرێت بۆ دڵنیا بوون لە دروستی دەستنیشانکردنی ئەوانەی بەرپرس بوون لە ناو داعش و پەلکێشکردنیان بۆ دادگایەکی دادپەروەرانە"

"سەماحەتی شێخ و یونیتاد هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی پێویستە ئافرەتان هانبدرێن بۆ ئەوەی بێنە پێش و شایەتی بدەن. یەکەیەکی تایبەتی بە ئافرەتان هەیە و تیایدا ئافرەتان تەواوی متمانەیان دەبێت لە هاوکاریکردن لەگەڵ لێکۆڵینەوە"

یونیتاد بە گوێرەی ئەرکی پێڕاسپێدراوی پابەندە بە نوێنەرایەتی کردنی هەموو گرووپەکانی قوربانیان و لەگەڵ چەندین گروپی ئاینیی و ئیتنی زیان لێکەوتووی جیاواز کۆبۆتەوە و لەوانە بەرپرسان لە حکومەت و سەماحەتی ئایەتوللا عوزمای سیستانی و بابەشێخ.

تێبینی :

تیمی یونیتاد بە گوێرەی ماندێتی 2379، لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دامەزراوە بۆ لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەی کە رێکخراوی بە ناو دەولەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) ئەنجامی داون ، هەولدان بۆ برەودان بە لێپێجینەوە لە چەندین تاوانی قێزەوەن دژ بە پێکهاتەی ئێزیدییەکان دەگرێتەوە کە بە دۆکیومێنت کراوە.

بۆپەیوەندی کردن: بەرێز ویل دێئاس مۆریس لە رێگای نووسینگەی ڕاگەیاندنی یونامی بەم ئیمێڵە: ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.