ئەم پەڕەیە چاپ بکە
چوار شەممە, 13 کانونی یەکەم 2017 07:57

یونامی لێکۆڵینەوە دەربارەی ڕاپۆرتی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە توزخورماتو دەکات

بەغدا، ١٢ی کانونی یەکەمی ٢٠١٧ – تیمێکی نوسینگەی مافی مرۆڤی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عیراق (یونامی) لە بەرواری ٧ی کانونی یەکەمی ٢٠١٧دا سەردانی توزخورماتویان لە پارێزگای سەڵاحەددین کرد بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لەو ڕاپۆرتانەی کە باس لە ڕووخاندنی سزائاسای موڵکی دانیشتووانی ئەو شارە دەکات، ئەوانەی کە بەهۆی پێکدادانەکان لەو ناوچەیە لە مانگی تشرینی یەکەمەوە ئاوارەبوون و هەروەها ڕاپۆرتی تۆقاندن وەک ڕێگرییەک لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بە سەلامەتی.



ئەم سەردانە لەدەرنجامی دووبارەبوونەوەی ئە ڕاپۆرتانە و ڕاپۆرتی تر دێت کە هاوڵاتییانی مەدەنی بە شێوەی جیاکاری کراونەتە ئامانج و وەدەرنانی بەزۆر و ڕووخاندنی موڵک لە پێش ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ و بەشێوەیەکی بەرچاویش لە دوای ئەم بەروارە، کە یونامیش لە بەرواری ١٩ی تشرینی یەکەمدا لە ڕاگەیاندراوێکیدا ئاماژەی پێ کردبوو لە نێوان چەند بابەتی تریشدا. لەو ڕاگەیاندراوە و لە کورتە ڕاپۆرتەکەی بەڕێز یان کوبیش، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عیراق، بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆرک لە بەرواری ٢٢ی تشرینی دووەمدا هاتووە کە بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان بەلانی کەم ١٥٠ خانووی تورکمان و کوردان سوتێندراون و ڕاپۆرتی تریش دەربارەی کردەی توندوتیژی خراونەتەڕوو. هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی خۆی دەربارەی پێکدادانەکان لەو شارە دەربڕی کە بوونەتە هۆی کەوتنەوەی قوربانی و شەپۆڵێکی تری ئاوارەبوون بەتایبەتی لەنێو دانیشتووە کوردەکان.

لە میانەی سەردانەکەی توزخورماتو لە هەفتەی ڕابردوودا، تیمەکەی یونامی سەردانی چەندان ناوچەی شارەکەیان کردووە و کۆبوونەوەیان لەگەڵ ژمارەیەک لە کاربەدەستانی ئەو شارە ئەنجامداوە. بەهەمان شێوە کارمەندانی یونامی لە هەولێریش چاویان کەوتووە بە ژمارەیەک لە نوێنەرانی ئاوارەکانی توزخورماتو و گوێیان بۆ کارەساتەکانیان لەژێر ڕکێفی ئەو هێرشانە گرتووە. وابڕیارە نێردەیەکی تری یونامی بۆ شاری توزخورماتو لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەردانی چەند ناوچەیەکی تری ئەو شارە بکەن بە مەبەستی لیکۆڵینەوە لەو ناوچانەی کە بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئاوارەکانی ئەو شارە پێشێلکاری تێدا کراوە.

هەروەها یونامی نیگەرانی خۆی دەربارەی هێرشە هەڕەمەکییەکانی ئەم دواییە دەردەبرێت کە بوونەتە هۆی کەوتنەوەی زیانی گەورە بە کەوتنەوەی قوربانی مەدەنیشەوە لە نێو کۆمەڵگەی تورکمانی ئەو شارە و پاشانیش بە کردەی تۆڵەسەندنەوە ئەو هێرشانە وەڵام دراونەتەوە. یونامی داوا دەکات دەستبەجێ ئەو کارانە ڕابگیرێن کە مەترسی دەخەنە سەر ئاسایش و سەلامەتی کۆمەڵگەی کوردی و تورکمانی و دانیشتوانی ئەو ناوچەیە. بەهەمان شێوەش، یونامی داوا لە حکومەتی عیراق دەکات بۆ گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێک بۆ کۆتایی هێنان بە توندوتیژییەکان و پێشێلکاری لە دژی مافەکانی مرۆڤ و چەسپاندنی یاسا و هێنانەدی هێمنی و سەقامگیری لە توزخورماتو و ئاسانکاری بکات بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان و گێڕانەوەی بارودۆخی ئاسایی ئەو شارە و کۆمەڵگەکەی. ​


****
بۆ زانیاریی زیاتر تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌ به‌رپرسی نوسینگه‌ی راگه‌یاندن و ته‌بێژی (یونامی) به‌ڕێز سه‌میر غه‌تاس‌ به‌ ئیمێلی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یان ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یانیش به‌ ژماره‌ ته‌له‌فۆنی ٠٠٩٦٤٧٩٠١٩٣١٢٨١