شەممە, 11 ئازار 2017 18:52

نامەی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ئافرەتان

نیویۆرک ، ٨ی ئادار ٢٠١٧

مافه‌كانی ئافره‌تان مافه‌كانی مرۆڤن ، به‌ڵام له‌م كاته‌ سه‌ختانه‌دا ، كه‌ جیهانی ئێمه‌ تیایدا زیاتر به‌ره‌و نادیاریی و ئاژاوه‌یی و ده‌چێت ، مافه‌كانی ژنان و كچان به‌ره‌و ژێر و كۆتدار و پێچه‌وانه‌وه‌ بوون ده‌ڕۆن . به‌توانا كردنی ژنان و كچان تاكه‌ رێگایه‌كه‌ بۆ پاراستنی مافه‌كانیان و دڵنیا بوون له‌ وه‌دیهێنانی گشت توانا شاره‌وه‌كانیان ، ناته‌واویی مێژوویی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی توانای نێوان پیاوان و ژنان كه‌ڵه‌كه‌بووه‌ به‌هۆی گه‌شه‌سه‌ندنی نایه‌كسانی له‌ نێو و له‌ نێوان كۆمه‌ڵگا و وڵاته‌كاندا ، ئه‌مانه‌ش ده‌بنه‌ هۆی جیاكارییه‌كی گه‌وره‌تر دژ به‌ ژنان و كچان . له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهاندا ، داب و نه‌ریت و به‌ها كه‌لتورییه‌كان و ئایین خراپ به‌كار ده‌هێنرێت بۆ‌ كه‌مكردنه‌وه‌و سنووردار كردنی مافه‌كانی ژنان و چه‌سپاندنی لایه‌نگیری سێكسی و به‌رگریكردن له‌ كرده‌وه‌ و ره‌فتاره‌كانی رق لێبوونه‌وه‌ له‌ ژنان.

مافه‌ یاساییه‌كانی ژنان ، كه‌ هه‌رگیز یه‌كسان نه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ هی پیاوان له‌ هیچ كیشوه‌رێك ، زیاتر لێی داده‌خورێ . مافه‌كانی ژنان له‌ جه‌سته‌كانی خۆیان جێگای پرسیار و به‌كه‌م زانینه‌. ژنان به‌ شێوه‌یه‌كی رۆتینی ده‌كرێنه‌ ئامانج به‌ مه‌به‌ستی ترساندن و گێچه‌ڵ پێكردن له‌ ژیانی گریمانه‌یی سایبه‌ریی و ژیانی راسته‌قینه‌ی خۆیاندا. له‌ باره‌ هه‌ره‌ خراپه‌كاندا ، توندڕه‌وان و تیرۆریستان ئایدیۆلۆجیای خۆیان له‌سه‌ر ملكه‌چكردنی ژنان و كچان بونیات ده‌نێن و مافه‌كانی ژنان بۆ توندوتیژی سێكسی و جێنده‌ریی و به‌زۆر به‌ شوودان و به‌ كۆیله‌كردنی راسته‌قینه جیا ده‌كه‌نه‌وه‌ .

سه‌ره‌ڕای هه‌ندێك پێشوه‌چوون ، به‌ڵام پۆسته‌ سه‌ركردایه‌تییه‌كان له‌ هه‌موو ئاسته‌كاندا تا ئێستا له‌ لایه‌ن پیاوانه‌وه‌یه‌، وكه‌ڵێنی ئابووریی ‌جێنده‌ریی به‌ره‌و فراوان بوون ده‌چێت ئه‌مانه‌ش له‌سایه‌ی سێبه‌ری ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی ماوه‌یه‌كی زۆریان به‌سه‌ر تێپه‌ڕ بووه وێڕای شۆفینیه‌تی چه‌سپاوی نێر سالاری‌. 

پێویسته‌ ئێمه‌ ئه‌مه‌ بگۆڕین له‌ ڕێگای به‌توانا كردنی ئافره‌تان له هه‌موو ئاسته‌كان، وابكه‌ین ده‌نگه‌كانیان ببیسترێت و كۆنترۆڵی ژیانی خۆیانیان و ئاینده‌ی جیهانیان بده‌ینه‌ ده‌ست. نكۆڵی كردن له‌ مافه‌كانی ژنان و كچان به‌ ته‌نها هه‌ڵه‌یه‌ك نیه‌ له‌ خودی خۆیدا ، به‌ڵكو ئاسه‌وارێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری ترسناكی هه‌یه‌ و‌ هه‌موومان به‌ره‌وه‌ دواوه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌. یه‌كسانی جێنده‌ریی كاریگه‌ریه‌كی گۆڕین ئامێزی هه‌یه‌ و بنه‌مایه‌ بۆ ئه‌و كۆمه‌ڵگا و ئابووریانه‌ی به‌ ته‌واوی تواناكانیان ئیش ده‌كه‌ن. 

فه‌راهه‌م كردنی فێركردن و خوێندن و خزمه‌تگوزارییه‌ ته‌ندروستییه‌كان بۆ ژنان سوود مه‌نده‌ بۆ خانه‌واده‌كانیان و كۆمه‌ڵگاكانیان كه‌ درێژ ده‌بێته‌وه‌ بۆ نه‌وه‌كانی ئایینده‌ . ساڵێك خوێندنی زیاتر له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ هۆی زیادكردنی ٢٥٪ ی داهاتی ئایینده‌ی كچێك. كاتێك ژنان به‌ ته‌واوی به‌شداری ده‌كه‌ن له‌ هێزی كار ، ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆی ره‌خساندنی ده‌رفه‌ت و هێنانه‌كایه‌ی گه‌شه‌ . پڕكردنه‌وه‌ی كه‌ڵێنی جێنده‌ری له‌ خستنه‌ سه‌ركاركردن له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ هۆی زیادكردنی ١٢ تریلیۆن دۆلار له‌ تێكڕای داهاتی ناوخۆیی تا ساڵی ٢٠٢٥. زیادكردنی ڕێژه‌ی ژنان له‌ دام و ده‌زگا گشتییه‌كان وا ده‌كات نوێنه‌رایه‌تی ژنان زیاتر بێت و داهێنانی زیاتر بكه‌ن و ده‌شبێته‌ هۆی باشتر كردنی پرۆسه‌ی بڕیار دان و سوودیشی بۆ هه‌موو كۆمه‌ڵگا ده‌بێت

یه‌كسانی جێنده‌ریی بابه‌تێكی سه‌ره‌كی پلانی ٢٠٣٠ ی گه‌شه‌پێدانی به‌رده‌وامه‌ ، ئه‌م پلانه‌ جیهانییه‌ سه‌ركرده‌كانی هه‌موو وڵاتان له‌سه‌ری ره‌زامه‌ند بوون بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی ئه‌و به‌ره‌به‌ستانه‌ی دێنه‌ پێش. ئامانجی پێنجه‌می گه‌شه‌پێدانی به‌رده‌وام ، به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت داوای یه‌كسانی جێنده‌ریی و به‌توانا كردنی هه‌موو ژنان و ئافره‌تان ده‌كات ، ئه‌مه‌ش بابه‌تێكی سه‌ره‌كییه‌ بۆ وه‌دیهێنانی هه‌ر حه‌ڤده‌ ئامانجه‌كه‌ی گه‌شه‌پێدانی به‌رده‌وام. 

من پابه‌ندم به‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی به‌شداریكردنی ژنان له‌ كاره‌كانمان له‌ ئاشتی و ئاسایشدا. ژنه‌ وتووێژه‌ره‌كان ده‌رفه‌ته‌كانی ئاشتی به‌رده‌وام زیاتر ده‌كه‌ن ، ژنه‌ ئاشتی پارێزه‌كانیش ده‌رفه‌ته‌كانی چه‌وساندنه‌وه‌ و ده‌ستدرێژكردنی سێكسی كه‌م ده‌كه‌نه‌وه‌ . 

له‌ چوارچێوه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیشدا ، ده‌ستم كردووه‌ به‌ كێشانی نه‌خشه‌ ڕێگایه‌كی روون له‌ گه‌ڵ پێوه‌ره‌كانی، ‌ بۆ گه‌یشتن به‌ هاوسه‌نگیی جێنده‌ری له‌ناو سیسته‌مه‌كه‌دا، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی ڕێكخراوه‌كه‌مان به‌ڕاستی نوێنه‌رایه‌تی ئه‌وانه‌ بكات كه‌ ئێمه‌ خزمه‌تیان ده‌كه‌ین. ئامانجه‌كانی پێشوو تا ئێستا وه‌ده‌ست نه‌هاتوون ، پێویسته‌ ئێستا ئێمه‌ له‌ ئاواتی به‌رز خواستنه‌وه‌ به‌ره‌و كردار بڕۆین. ‌

به‌ بۆنه‌ی رۆژی جیهانی ژنانه‌وه‌ ، با هه‌موومان په‌یمان بده‌ین به‌وه‌ی هه‌رچی له‌توانامان بێت بیكه‌ین بۆزاڵ بوون به‌سه‌ر لایه‌نگیریی چه‌سپاو و پشتگیریكردنی به‌شداریكردن و چالاكی و بره‌ودان به‌ یه‌كسانی جێنده‌ریی و به‌توانا كردنی ئافره‌تان .

ئه‌نتۆنیۆ گوتێرێس

© 2020 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.