یەک شەممە, 12 شوبات 2017 07:41

لێدوانی یونامی دەربارەی خۆپیشاندانە توندوتیژەکەی بەغدا

بەغدا، ١١ی شوبات ٢٠١٧ – نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عیراق نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت سەبارەت بە خۆپیشاندانە توندوتیژەکەی ئەمڕۆی شاری بەغدا، کە بووە هۆی کەوتنەوەی قوربانی لە ڕیزی خۆپیشاندەران و هەروەها ، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، لە ڕیزی هێزەکانی ئاسایشیش.


یونامی لێدوانەکەی سەرۆک وەزیران عەبادی بەهەند وەردەگرێت کە تیایدا جەخت لەسەر مافی ڕەوای هاووڵاتیان دەکاتەوە کە مافی خۆیانە بەشێوەیەکی ئاشتییانە و بە ڕێزگرتن لە یاسا خۆپیشاندان بکەن و هەروەها جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە حکومەت بەرپرسیارە لە پاراستنی خۆپیشاندەران و پاراستنی سەلامەتی و ئاسایشی هاوڵاتیانیش.
مافی سەربەستیی بۆ گردبوونەوەی ئاشتییانە بناغەی دیموکراسییە و دەبێ لەلایەن هاوڵاتییان و حکومەت و هێزەکانی ئاسایشەوە ڕێزی لێ بگیرێت و پارێزگاری لێ بکرێت هەمووکات و لە هەر بارودۆخێک بێت. هاوڵاتییان مافی دەربڕینی بیروبۆچوونی خۆیان و داواکردنی چاکسازی و گۆڕانکارییان هەیە و پێویستە گوێیان لێ بگیرێت. بەڵام لە هەمان کاتدا، دەبێ ئەم کارە بە شێوازێکی ئاشتییانە و بە پابەندبوون بە یاسا ئەنجام بدرێت. حکومەت و هێزەکانی ئاسایشیش پێویستە ڕێز لە مافی هاوڵاتیان بگرن و بیانپارێزن لە کاتی خۆپیشاندانی ئاشتییانە و دەبێ خۆیان بەدوور بگرن لە بەریەککەوتن.
هەروەها یونامی دەستخۆشی لە سەرۆک وەزیران عەبادی دەکات بۆ فەرمانیان بە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوە دڵتەزێنەکانی ئەمڕۆ بۆ ئەوەی بگەنە دەرەنجامی ڕاست و دروستی ڕووداوەکان.

© 2020 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.