ئەم پەڕەیە چاپ بکە
پێنج شەممە, 22 کانونی یەکەم 2016 03:00

نەتەوە یەکگرتووەکان بە توندترین شێوە ئیدانەی کوشتن و بریندارکردنی هاووڵاتیان و کارمەندانی کۆمەکی فریاگوزاری دەکات لە ماوەی دابەشکردنی هاوکاری ڕزگارکردنی ژیان لە ڕۆژهەڵاتی شاری موسڵ

(بەغدا، ٢٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٦): نەتەوە یەکگرتووەکان بە توندترین شێوە ئیدانەی کوشتنی هاووڵاتیان و کارمەندانی کۆمەکی فریاگوزاری دەکات لە دوو ڕووداوی جیا لە ڕۆژهەڵاتی شاری موسڵ.

خاتوو لیز گڕاندێ، ڕێکخەری مرۆیی بۆ عێراق گوتی، "لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوو، دوو ڕووداوی جیا ڕوویانداوە. بە گوێرەی ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان، چوار کارمەندی فریاگوزاری و بەلایەنی کەمەوە حەوت هاووڵاتی کە نۆرەیان گرتبوو بۆ وەرگرتنی هاوکاری تەنگەتاوی لە ڕۆژهەڵاتی شاری موسڵ کوژراون بەهۆی هاوێشتنی گولە تۆپ بە هەڕەمەکی، لەگەڵ زیاتر لە چل کەسی تریش برینداربوون. ئەم کارە بە هیچ شێوەیەك قبوڵناکرێت و ئێمە بە توندترین شێوە ئیدانەی ئەو کردەوانە دەکەین،"

خاتوو گڕاندێ گوتی،"ئەو خەڵکانەی کە چاوەڕێ ی کۆمەکی فریاگوزاری دەکەن پێش وەختە زیانیان پێگەیشتووە و پێویستیان بە یارمەتیە. ئەوان دەبێت بپارێزرێن، نەك هێرشیان بکرێتە سەر"."هەموو لایەنەکانی ئەم ململانێیە – هەموو لایەنێك – ناچارن کە دەبێ پابەندبن بە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و دڵنیایی بدەن کە هاووڵاتیان ڕزگاریان دەبێت و ئەو هاوکاریەی کە ئەوان دەیانەوێت وەریدەگرن."

خاتوو گڕاندێ گوتی "کوشتنی هاووڵاتیان و کارمەندانی کۆمەکی فریاگوزاری پێشێلی بنەمای مرۆیی دەکات. ئەوپەڕی پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی خێزانی قوربانیەکان و هاوپیشە بوێرەکانمان دەکەین و ئێمە بانگەشەی دەسەڵاتداران دەکەین تاکو دڵنیایی بدەن لە ڕادەستکردنی بکەرانی ئەم کردەوەیە بە دادگا و بەرپرسیارێتی بەرەو ڕوویان بکرێتەوە،"

زیاتر لە 107,000 کەس لە ئێستادا ئاوارەبوون بەهۆی شەڕی نێوان هێزە عێراقیەکان و داعش لە ناوەوە و دەوروبەری شاری موسڵ. لە خراپترین سیناریۆدا، زۆربەی هەرە زۆری یەك ملیۆن کەس لەوانەیە ناچاربکرێن لە شارەکە ڕابکەن.

زۆرینەی خێزانە ئاوارەکان لە شوێنە تەنگەتاویەکان و کۆمەڵگا خانەخۆییەکان نیشتەجێکراون. ئاژانسە مرۆییەکان و ڕێکخراوەکان هاوکاری ڕزگارکردنی ژیان دابین دەکەن بۆ ئەو کەسانەی کە پێویستیان بە هاوکاریە لە ناو هەموو ئەو ناوچانەی کە دەتواندرێت دەستیان پێبگەێندرێت، لەوانە گەڕەکەکانی ڕۆژهەڵاتی شاری موسڵ. تاکو ئەمڕۆ، زیاتر لە 356,000 کەس کە بەهۆی هەڵمەتی سەربازی بۆ سەر موسڵ زیانیان پێگەیشتووە کۆمەکی فریاگوزاریان وەرگرتووە.


بۆ زانیاری زیاتر، تکایە پەیوەندی بکەن بە:
دامیان ڕانس، بەرپرسی ڕاپۆرت کردن و پەیوەندییەکان، لە نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی لە عێراق،
( ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. / +964 (0)751 740 3858)