دوو شەممە, 19 کانونی یەکەم 2016 09:00

هه‌ڵمه‌تی ماڵ به‌ ماڵ بۆ كوتانی منداڵان دژ به‌ ئیفلیجی منداڵ و سوورێژه‌ له‌و ناوچانه‌ی عێراق كه‌ زیانیان پێگه‌شتووه‌

به‌غداد، ١٨ دیسه‌مبر، ٢٠١٦ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراقی فیدڕاڵ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستان و به‌ پاڵپشتی یونیسێف و ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی، ئه‌مڕۆ هه‌ڵمه‌تێكی ١٢ ڕۆژه‌ی ده‌ستپێكرد بۆ كوتانی منداڵانی عێراق دژ به‌ ئیفلیجی و سورێژه‌.

هه‌ڵمه‌تی زستانه‌ ئامانجیه‌تی كه‌ به‌ ٨٠٠ هه‌زار منداڵی خوار ته‌مه‌ن ٥ ساڵ بگات له‌ پارێزگا مه‌ترسی له‌سه‌ره‌كانی ئه‌نبار، سه‌ڵاحه‌دین، كه‌ركوك، ناوچه‌ تازه‌ ئازادكراوه‌كانی نه‌ینه‌وا و منداڵه‌ ئاواره‌كانی ناو كه‌مپه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.

ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ به‌شێكه‌ له‌ ستراتیجیه‌تی كوتان له‌ كاردانه‌وه بۆ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی موسڵ. تیمه‌كانی كوتان ماڵ به‌ ماڵ و خێمه‌ به‌ خێمه‌ ده‌گه‌ڕێن بۆ دڵنیا بوون له‌وه‌ی هه‌موو منداڵان ده‌كوترێن. منداڵانی خوار ته‌مه‌ن ٥ ساڵ ماكوته‌ی‌ ئیفلیجیان پێده‌درێت و ئه‌وانه‌ش كه‌ ته‌مه‌نیان ٩ مانگ هه‌تا ٥ ساڵه‌ ڤاكسینی سوورێژه‌ وه‌رده‌گرن.

پیته‌ر هاوكینز نوێنه‌ری ڕێكخراوی یونیسێف له‌ عێراق ده‌ڵێت: (( هه‌ندێك له‌م منداڵانه‌ یه‌كه‌م جاریانه‌ له‌ ماوه‌ی ٢ ساڵدا بكوترێن، حوكمه‌تی عێراق پابه‌نده‌ به‌وه‌ی عێراق به‌ بێ ئیفلیجی منداڵان بهێڵێته‌وه‌ و ڕێگا له‌ بڵاو بوونه‌وه‌ی هه‌ر جۆرێك له‌ سوورێژه‌ بگرێت. بۆ ئه‌مه‌ش ٢٠ هه‌ڵمه‌تی سه‌ركه‌وتووی به‌ ئه‌نجام گه‌یاندووه‌ بۆ پاراستنی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ بڵابوونه‌وه‌ی ئیفلیجی.

له‌م ساڵدا ٣ هه‌ڵمه‌تی سه‌ركه‌وتووی نیشتیمانی له‌ ئاستی عێراقدا دژ به‌ ئیفلیجی ئه‌نجامدراوه‌ . ئه‌وانیش له‌ مانگه‌كانی شوبات و نیسان و تیشرینی یه‌كه‌مدا بوون، له‌گه‌ڵ دوو هه‌ڵمه‌تی مه‌به‌ستدار دژ به‌ ئیفلیجی منداڵ و سوورێژه‌ له‌ ئه‌نبار و هه‌روه‌ها له‌ هه‌ریه‌ك له‌ گه‌یاره‌ و كه‌مپی دیبه‌گه‌.

ئه‌ڵتاف موسه‌نی نوێنه‌ری رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی ده‌ڵێت ((ئه‌و ده‌ستكه‌وته‌‌ مه‌زنانه‌ی كه‌ له‌ پاراستنی منداڵانی عێراق دژ به‌ نه‌خۆشی ئیفلیجی به‌ده‌ست هاتوون پێویسته‌ بپارێزرێن له‌ڕێگای هاوبه‌شی چالاكانه‌ و هه‌وڵی پێكه‌وه‌یی. سوورێژه نه‌خۆشییه‌كی ناوچه‌ییه‌ له‌ عێراقدا و ده‌توانێت به‌تایبه‌تی له‌ كاتی قه‌یراندا كوشنده‌ بێت. هه‌ڵمه‌ته‌ مه‌به‌ستداره‌كان له‌ ناوچه‌ تازه‌ ئازادكراوه‌كان و كه‌مپی ئاواره‌ ناوخۆییه‌كاندا هاوكار بوون‌ بۆ ڕێگرتن له‌ ئیفلیجی منداڵ و سوورێژه.

له‌ نیسانی ٢٠١٤ وه‌، هیچ حاڵه‌تێكی نوێی ئیفلیجی منداڵ له‌ عێراقدا تۆمارنه‌كراوه‌ ئه‌مه‌ش به‌ هۆی بۆ پابه‌ندبوونی به‌هێزی حوكمه‌ت و كارمه‌ندانی هێڵی پێشه‌وه‌ له‌ كه‌رتی ته‌ندرووستی.

هه‌رچه‌نده‌ له‌ ئایاری ٢٠١٥ دا، وڵاتی عێراق ناوی له‌ لیستی وڵاتانی تووشبوو به‌‌ ئیفلیجیدا سڕاوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌ هۆی كه‌مووكورتییه‌كانی چاودێری و كوتان له‌ ناوچه‌كانی ململانێدا، هێشتا مه‌ترسیی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئیفلیجی له‌ ئارادایه‌.

یونیسێف هه‌موو تێچووی ڤاكسین و هاوكاری بۆ تیمه‌كانی كوتان و هۆشیاركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێت ئه‌مه‌ش به‌ پاڵپشتی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق و هه‌رێمی كوردستان. ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانیش تیچووی هاتووچۆ و چاودێریكردن له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێت كه‌ له‌ لایه‌ن خۆبه‌خشه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی خاچی سووری عێراقییه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت. كارمه‌ندانی ته‌ندرووستی و كۆمه‌ڵ له‌ یونیسێف و ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانییه‌وه‌ هاوكاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی ته‌ندروستی ده‌كه‌ن له‌ سه‌رپه‌رشتی و چاودێریكردنی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌دا.

كۆمپانیای زه‌ین بۆ په‌یوه‌ندییه‌كان هاوكاری هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ ده‌كات به‌ ناردنی كورته‌ نامه‌ بۆ گه‌یاندنی په‌یامه‌كه‌ بۆ ئاواره‌ عێراقییه‌كان.


بۆ پەیوەندی كردن

شارۆن بێن نۆگوێرا, سەرۆكی بەشی پەیوەندییەكان, یونیسێف, عێر اق, 009647827820238 - ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.

عێراق WHO ئەجیال سوڵتانی، بەرپرسی پەیوەندییەكان، رێكخراوی تەندروستی جیهانی 009747510101469 - ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.

© 2020 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.