پێنج شەممە, 20 تشرینی یەکەم 2016 17:28

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاهێنان و نێوەندگیری بۆ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی سازدەکات گرنگ

بەغدا، عیراق، ٢٠ی تشرینی یەکەم ٢٠١٦- نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عیراق و ڕێکخراوی ئافرەتانی نەتەوە یەکگرتووەکان وێرکشۆپێکی ڕاهێنانیان بۆ گروپەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ناوەخۆیی و ئافرەتانی سەرکردە لە بەغدا سازکرد بە مەبەستی پەرەپێدانی کارامەییان لە بوارەکانی گفتوگۆ و نێوەندگیری. وێرکشۆپەکە ئەمڕۆ کۆتایی هات و تیایدا داوا کرا بەشداری پێکردنی گروپەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئافرەتان لە هەوڵەکانی ئاشتەوایی داهاتوودا زیادبکرێت.



لە کۆتا دانیشتنی ئەو وێرکشۆپە چوارڕۆژییە، بەڕێز جۆرجی بوستین، جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عیراق ڕایگەیاند کە پەرەپێدانی ڕۆلی ئافرەتان لە پرۆسەکانی بنیادنانی ئاشتی ئەرکی سەرەکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکانە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئەرکی یونامی بەپێی بڕیاری ٢٢٩٩ی ئەنجوومەنی ئاسایش بریتییە لە هاندانی بەشداریپێکردنی ئافرەتان لە پرۆسەکانی ئاشتەوایی ناوەخۆیی و نێودەوڵەتییە و پێویستە ئەوپەڕی بەشداری سیاسییان پێبکرێت.

بەڕێز بوستین وتی: "پێویستە هەموومان بەیەکەوە کاربکەین بۆ زیاترکردنی وەبەرهێنان لە بنیادنانی توانستی ڕێکخراوەکانی ئافرەتان و تۆڕەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ناوەخۆیی بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان".

بەڕێزیان داوای کردن هەوڵی زیاتر بخرێتەگەڕ بۆ جێبەجێکردنی پلانی کاری نەتەوەیی دەربارەی بڕیاری ١٣٢٥ و دەرگاکان بەڕووی ئافرەتان واڵابکرێن بۆ بەشداریکردن لە بنیادنانی عێراقێکی ئارام لە دوای داعش".

ئافرەتە سەرکردەکانی بەشداربووی وێرکشۆپەکە پێشنیازیان کرد کە هەلی بەشداریپێکردنی ئافرەتان لە پرۆسەی ئاشتەوایی فەراهەم بکرێت و داوایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد پشتگیری هەوڵەکانیان بکات بۆ بنیادنانەوەی کۆمەڵگەی عیراقی لەدوای وەدەرنانی داعش.

د. پۆلینا چیوانگو، جێگری نوێنەری ڕێکخراوی ئافرەتانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق ڕایگەیاند کە هەریەک لە یەکەی جێندەر لە یونامی و ڕێکخراوی یافرەتانی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازی لە پێشنیازەکان دەکەن کە لە وێرکشۆپەکان خرانەڕوو و جەختی کردەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبێت لە کاری هەرەوەزی لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ جێبەجێکردنی تۆکمەی پلانی کاری نەتەوەیی دەربارەی بڕیاری ١٣٢٥ و وتی: "کلتووری ئاشتی پێویستی بە بەشداریپێکردنی ئافرەتان هەیە".

وێرشۆپەکان بە هاوبەشی لەلایەن یەکەی جێندەری یونامی و ڕێکخراوی یافرەتانی نەتەوە یەکگرتووەکان و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەشی کاروباری سیاسی سازکرابوو لەژێر تەوەری ستراتیژی هاوبەش سەبارەت بە جێندەر و نێوەندگیری. ڕاهێنانەکان لە چوارچێوەی پشتگیری کردن لە جێبەجێکردنی پلانی کاری نەتەوەیی بۆ بڕیاری ١٣٢٥ دابینکرابوون.

© 2020 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.