دوو شەممە, 17 تشرینی یەکەم 2016 14:25

یاریده‌ده‌ری سكرتێری گشتی بۆ كاروباری مرۆیی و هه‌ماهه‌نگسازی به‌هاناوه‌چوونی ته‌نگه‌تاوی ، ستیفن ئۆبراین

راگه‌یاندن سه‌باره‌ت به‌ عیراق

١٦ی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠١٦: من زۆر نیگه‌رانم سه‌باره‌ت به‌ سه‌لامه‌تیی نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن و نیو خه‌ڵكی شاری مۆسڵ كه‌ ره‌نگه‌ بكه‌ونه‌ به‌ركاریگه‌ریی كرده‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی رزگاركردنه‌وه‌ی ئه‌و شاره‌ له‌ژێر ده‌ستی داعش (ده‌وه‌ڵه‌تی ئیسلامی له‌ عیراق و شام)دا. خێزانه‌كان له‌ مه‌ترسییه‌كی زۆر گه‌وره‌دان له‌وه‌ی كه‌ بكه‌ونه‌ ناو هێرشه‌كانی هه‌ردوولا و یانیش له‌لایه‌ن نیشانشكێنه‌كانی داعشه‌وه‌ بكرێنه‌ ئامانج. له‌ لایه‌كی تره‌وه‌، مه‌ترسی ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ كه‌ ده‌یان هه‌زار كچ و كوڕ و ژن و پیاوی عیراقی به‌ گه‌مارۆدراوی له‌لایه‌ن ئه‌و هێزه‌ تیرۆریستییه‌وه‌ بكرێنه‌ قه‌ڵغانی مرۆیی وهه‌زارانی تریش ره‌نگه‌ به‌ زۆره‌ملێ یان ده‌ربكرێن یانیش له‌نێوان هێزه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كاندان گیر بخۆن. له‌م بارودۆخه‌شدا منداڵ و ژن و پیر و په‌ككه‌وته‌ مه‌ترسیی زیاتریان له‌سه‌ره‌. به‌ له‌به‌رچاوگرتنی چڕیی و فراوانی شه‌ڕه‌كه‌ش نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن خه‌ڵك ره‌نگه‌ له‌ خراپترین دۆخدا تووشی ئاواره‌یی و جێهێشتنی ماڵ وحاڵی خۆیان ببن.

من لێره‌وه‌ داوای خۆم بۆ لایه‌نه‌كانی شه‌ڕ دووپات ده‌كه‌مه‌وه بۆ رێزگرتن له‌ پابه‌ندییه‌كانیان له‌ژێر یاسای نێونه‌ته‌وه‌یی مرۆیی له‌ پاراستنی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی و هه‌روه‌ها بۆ دڵنیابوون له‌وه‌ی كه‌ خه‌ڵكه‌ لێقه‌وماوه‌كه‌ ده‌ستیان ده‌گاته‌ یارمه‌تییه‌ پێویستییه‌كانیان. هیچی تریش له‌مه‌ گرنگتر نییه‌. ‌

هاوبه‌شكاره‌ مرۆییه‌كانیش پێویسته‌ چی له‌ده‌ستیان دێت بیكه‌ن بۆ به‌هاناوه‌چونی ئه‌وانه‌ی كه‌ ره‌نگه‌ تووشی ئاواره‌یی یان به‌هۆی ئه‌م كرده‌ سه‌ربازییه‌وه‌ تووشی زیان بن. له‌ ئێستادا شوێنی حه‌وانه‌وه‌ بۆ ٦٠ هه‌زار كه‌س له‌ چادرگه‌كان و شوێنه‌ ته‌نگه‌تاوییه‌كان ئاماده‌كراوه‌ له‌گه‌ڵ كاركردن بۆ چه‌ندان شوێنی تر به‌ توانای حه‌وانه‌وه‌ بۆ ٢٥٠ هه‌زار كه‌س. هه‌روه‌ها خۆراك بۆ ٢٢٠ هه‌زار خێزان ئاماده‌ی دابه‌شكردنه‌ له‌گه‌ڵ ئاماده‌بوونی ١٤٣ هه‌زار تاقمی كه‌لوپه‌ڵی ناوماڵ له‌ كۆگا و ئاوده‌ست و شاوه‌ریش ئاماده‌ن بۆ ناردن و ٢٤٠ ته‌نی ده‌رمانیش له‌ كۆگا بۆ دابه‌شكردن ئاماده‌یه‌.

سه‌ره‌ڕای كۆمه‌كی به‌خشندانه‌ی وڵاته‌ كۆمه‌كبه‌خشه‌كان‌، به‌ڵام هێشتا دارایی هه‌ر به‌س نییه‌ بۆ خۆئاماده‌كردن بۆ خراپترین ره‌وش . گه‌ر سه‌رچاوه‌ی دارایی به‌رده‌ست بێت ئه‌وه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ هاوبه‌شكاره‌ مرۆییه‌كان له‌ ئاماده‌كردنی پێویستییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی لێهاتووانه‌ درێغی ناكه‌ن. سه‌ره‌ڕای كاركردن له‌ سه‌ختترین هه‌لومه‌رجدا، هاوبه‌شكاره‌ مرۆییه‌كان چی له‌ده‌ستیان بێت ده‌یكه‌ن بۆ یارمه‌تیدانی چه‌ندان كه‌س كه‌ بكرێت له‌ رۆژانی یان هه‌فته‌كانی داهاتوودا.


نیو یۆرك

© 2020 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.