هەینی, 23 ئەیلول 2016 03:00

نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی عیراق ڕێککەوتنێکی گرنگ دەربارەی نەهێشتن و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی سێکسی لە کاتی شەڕدا واژۆ دەکەن

(نیویۆرک، ٢٣ی ئەیلول ٢٠١٦) ئەمڕۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی عیراق ڕێککەوتنێکی گرنگیان هەماهەنگی بۆ نەهێشتن و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی سێکسی لە کاتی شەڕدا واژۆ کرد. ڕێککەوتننامەکە لە شاری نیویۆرک لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی ژمارە ٧١ی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نێوان نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە توندوتیژی سێکسی لە کاتی شەڕدا، خاتوو زەینەب هاوا بانگۆرا و د. ئیبراهیم جەعفەری، وەزیری کاروباری دەرەوەی عیراق واژۆ کرا.

ڕێککەوتنە هاوبەشەکە لە ئەنجامی سەردانەکەی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عیراق لە ساڵی ٢٠١٥ لە چوارچێوەی بڕیاری ژمارە ٢١٠٦ی ئەنجوومەنی ئاسایش هاتە کایەوە بۆ بەدەمەوە هاتنی کێشەی توندوتیژی سێکسی لە کاتی شەڕ لە عیراقدا کە تێیدا گروپی تیرۆرستی داعش لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا چەندان کەمپینی سیستەماتیکی دەست پێکردووە بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی سێکسی بەشێوەیەکی دڕندانە و بێ هاوتا. داعش بە شێوەیەکی تایبەتیی کەمە نەتەوایەتییەکانی وەکو یەزیدییەکان و تورکمانی شیعە و شەبەکی شیعە و کریستیانە عیراقییەکانی کردبووە ئامانج و ئازارێکی زۆریشی بۆ خەڵکی مەدەنی هێنابوو بگرە ناچاریشی کردبوون کە ماڵەکانیان جێبهێڵن.

خاتوو بانگۆرا وتی: "کاتێک سەردانی عیراقم کرد لە ساڵی ٢٠١٥دا گوێبیستی چەندان چیڕۆکی توندوتیژی سێکسی بووم کە تووشی سەرسوڕمانیان کردم. کچە یەزیدییەکان بۆیان باس کردم کە چۆن ناویان بە لیست نووسرابوون و وەکو مەڕوماڵات دەیان پشکنین و لە بازاڕی کۆیلەی مۆدێرندا دەفرۆشران و بە دڕندانەترین شێوەش دەستدرێژی سێکسییان دەکرایە سەر لەلایەن چەکدارە تیرۆریستەکانەوە و ئەوانەشی توانیان لەدەست تیرۆریستان ڕابکەن ئێستاش پێویستی زۆریان بە چارەسەری تەندروستی و دەروونی هەیە بۆ ئەوەی دووبارە بگەڕێنەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆیان. لەمڕۆدا، هێشتا هەزاران یەزیدی بە ژن و کچانەوە بێ سەروشوێنن. لەو باوەڕەدام کە ئەم تاوانانە بە تاوانی جەنگ و تاوان دژی مرۆڤایەتی و جینۆساید هەژماردەکرێن.

ئەم ڕێککەوتنەی ئەمڕۆ واژۆ کرا سەرەتایەکە بۆ هاریکاری بەهێزتر لەنێوان نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆماری عیراقدا بۆ بەدەمەوەهاتنی کێشەکانی توندوتیژی سێکسی لە کەرتەکانی ئاسایش و دادپەروەری و خزمەتگوزاری. بە تایبەتی ئەم ڕێککەوتننامەیە هاوکاردەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە عیراق ڕووبەڕوویان دەبێتەوە لە بوارەکانی دادپەروەری و لێپێچینەوە لەو تاوانانەی کە لە عیراق یان لە دژی هاوڵاتیانی عیراقی ئەنجام دەدرێن. ئەو هاوکارییانەی کە لەڕێگەی ئەم ڕێککەوتنەوە پێشکەشی عیراق دەکرێن بریتین لە بە دۆکومێنتکردن و دەستەبەرکردنی بەڵگەی ئەو تاوانانە و بەهێزکردنی چوارچێوەی یاسای عیراقی بۆ باشتر چارەسەرکردنی توندوتیژی سێکسی و دانانی بەرنامەیەکی ئەوتۆ کە قەرەبووی قوربانیانی لێ بکەوێتەوە. ڕێککەوتنە هاوبەشەکە وا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات کە یارمەتی هەریەک لە حکومەتی ناوەندیی و حکومەتە هەرێمییەکانی عیراق بدات.

هەروەها ئەم ڕێککەتننامەیە وەکو چوارچێوەیەک بەکاردەهێندرێت بۆ کار و هاریکاری لە نێوانیان بۆ دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاری پێویستی خێرا و یارمەتی ژیاری بۆ قوربانییانی دەستی توندوتیژی سێکسی ئەو منداڵانەی کە لە ئەنجامی دەستدرێژی سێکسی لە دایک دەبن. هەروەها ڕێککەوتننامەکە جەخت لەسەر پاراستن و بەهێزکردنی ژنان وەک ستراتیژیەتێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش دەکاتەوە.

خاتوو بانگۆرا هەروەها ڕایگەیاند " لە کۆتاییدا، هیوادارم ئەم ڕێککەوتننامەیە ببێتە هۆی ڕاکێشانی یارمەتی زیاتری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بۆ ئەوانەی کە لەعیراق کاردەکەن بۆ بنبڕکردنی توندوتیژی سێکسی. ئێمە پشتگیری ڕزگاربووانی دەستی توندوتیژی سێکسی و هەموو هاوڵاتییان و حکومەتی عیراقی دەکەین بۆ بنبڕکردن و چارەسەرکردنی پاشماوەکانی ئەو تاوانە قێزەوەنانە".

بەهەمان شێوە، بەڕێز یان کوبیش، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عیراق وتی: " ئەم ڕێککەوتننامەیە یارمەتی خێراترکردنی جێبەجێکردنی پلانی نەتەوەیی دەدات دەربارەی بڕیاری ژمارە ١٣٢٥ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە چەندان بڕگەی سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی سێکسی لە شەڕدا لەخۆدەگرێت". بەڕێزیان هەروەها ڕایگەیاند کە نەتەوە یەکگرتووەکان هەمیشە پابەندە بە هاوکاری کردنی عیراق و هاوڵاتییانی بەرەو بەدەست هێنانی ئامانجەکانیان لە بوارەکانی پەرەپێدانی ئافرەتان و ئاشتی و ئاسایشدا.

بۆ زانیاری زیاتر، تکایە پەیوەندی بکەن بە لێتیتا ئاندەرسن، نووسینگەی نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە توندوتیژی سێکسی لە شەڕدا، نیویۆرک . ت: ١٢١٢٩٦٣٠٩١٠+ ؛ ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.

© 2020 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.