یەک شەممە, 20 کانونی یەکەم 2015 11:31

ئه‌مڕۆ زوبانی عه‌ره‌بی وه‌ك هیمای یه‌كڕیزی و جیاوازی یادی ده‌كرێته‌وه‌

به‌غدا، ١٨ی كانونی یه‌كه‌می ٢٠١٥:- ئه‌مڕۆ له‌ رێوره‌سمێك كه‌ بۆ به‌رزراگرتنی "رۆژی جیهانیی زوبانی عه‌ره‌بی" له‌ ته‌لاری شانۆی سامی عه‌بدولحه‌مید له‌ ناوه‌ڕاستی شه‌قامی موته‌نه‌ببی به‌غدا، رێكخرابوو، زوبانی عه‌ره‌بی، كه‌ زوبانی ئاین و زانست و هونه‌ریشه‌،به‌ ئاهه‌نگه‌وه‌ یاد كرایه‌وه‌ و له‌م رێوره‌سمه‌شدا هونه‌رمه‌ندان و رۆشنبیران و پسپۆڕانی زوبان و نوێنه‌رانی چه‌ندان داموده‌زگای وه‌ك وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و هه‌روه‌ها نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوووه‌كان بۆ هاوكاریكردنی عیراق (یونامی) و رێكخراوی یونیسكۆ ئاماده‌ بوون.



رێوره‌سمه‌كه‌ هه‌فته‌یه‌ك دوای ده‌ستنیشانكردنی به‌غدا دێت وه‌ك ئه‌ندامی "تۆڕی شاره‌ داهێنه‌ره‌كانی یونسیكۆ" له‌ بورای هونه‌ردا. ئه‌م ده‌ستنیشانكردنه‌ش داننانه‌ به‌ ئێستا و رابردووی ژیانی هونه‌ری و رۆشنبیری ئه‌و شاره‌.

له‌ مباره‌وه‌ جێگری نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق جۆرجی بوستین وتی "له‌ راستیدا زوبانی عه‌ره‌بی له‌ هه‌موو ئه‌و به‌شدارییانه‌ی كه‌ خه‌ڵكی عه‌ره‌ب له‌ شارستانی مرۆیی جیهانیدا كردوویانه‌‌ ده‌ستێكی باڵای هه‌بووه‌". ئه‌و هه‌روه‌ها وتیشی "زوبانی عه‌ره‌بی یه‌كێكه‌ له‌ زوبانه‌ گه‌وره‌كان كه‌ نه‌ك هه‌ر له‌رووی بوونی به‌ زوبانی قورئانه‌وه‌ به‌ڵكوو له‌ رووی ئه‌و رۆڵه‌ی كه‌ له‌ دروستكردن و درێژه‌پێدانی شارستانیی مرۆییدا بینیویه‌تی. شانازی رزگاربوونی زۆربه‌ی ئه‌و كه‌له‌پوره‌ كۆنانه‌ش بۆ زانایانی عه‌ره‌ب له‌ سه‌ده‌ی ناوه‌ڕاستدا ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌. هه‌ر بۆیه‌ زوبانی عه‌ره‌بی شایسته‌ی یادكردنه‌وه‌ و به‌رزڕاگرتنه‌ وه‌ك زوبانێك كه‌ له‌ داڕشتنی ئه‌م جیهانه‌ی ئێمه‌دا‌ به‌شداریی زۆروزه‌وه‌ندی هه‌بووه‌".

لای خۆشییه‌وه‌، به‌رپرسی یونیسكۆی عیراق زوبانی عه‌ره‌بی به‌ "هیمای یه‌كڕیزی له‌ جیاوازییه‌كاندا"ی ناوزه‌د كردووه‌ چونكه‌ "بووه‌ته‌ مایه‌ی توانادان به‌ ملیۆنان پیاو و ژن كه‌ بتوانن ده‌نگی خۆیان بگه‌یه‌نن و په‌یوه‌ندیی كه‌لتوری له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانه‌و دروست بكه‌ن" . ئه‌و هه‌روه‌ها وتی "ئێمه‌ ئه‌مڕۆ یادكردنه‌وه‌ی زوبانی عه‌ره‌بی و ئه‌و رۆڵه‌ گه‌وره‌یه‌ی به‌ درێژایی سه‌دان ساڵ له‌ هه‌ڵڕشتنی زانیاری سه‌باره‌ت به‌ چه‌ندان بابه‌ت وه‌ك هه‌ر له‌ فه‌لسه‌فه‌وه‌ تا هونه‌ر و هه‌ر له‌ پزیشكییه‌وه‌ تا سایكۆلۆژی و هه‌روه‌ها هه‌ر له‌ گه‌ردوونناسییه‌وه‌ تا ماتماتیك بینیویه‌تی به‌رزۆ به‌ڕێز راده‌گرین". ‌

"رۆژی جیهانیی زوبانی عه‌ره‌بی"ی ئه‌مساڵ بۆ زانست و په‌یوه‌ندی ته‌رخان كراوه‌. مه‌به‌ستیش له‌ یادكردنه‌وه‌كه‌ به‌ زه‌قی خستنه‌رووی رۆڵی مێژوویی زوبانی عه‌ره‌بییه‌ له‌ ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه‌ و بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری و هه‌روه‌ها گرنگیی هه‌مه‌زوبانیش بۆ بورای توێژینه‌وه‌ی له‌مڕۆدا.

له‌ ئاهه‌نگه‌كه‌دا، كه‌ وه‌زیری رۆشنبیری ، به‌ڕێز فریاد ره‌واندزی ئاماده‌بوو، پانێڵێكی تاوتوێ سه‌باره‌ت به‌ زوبانی عه‌ره‌بی به‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ زانست و هونراوه‌ ، خوشنوسی و بابه‌تی تردا پێشكه‌ش كرا.

شه‌قامی موته‌نه‌ببی ئه‌و شوێنه‌یه‌ كه‌ زوبان و ئه‌ده‌ب یه‌ یه‌ك ده‌گه‌یه‌نێت هه‌روه‌ك چۆن ئه‌و شوێنه‌شه‌ كه‌ تێیدا كۆمه‌ڵگه‌ی رۆشنبیری به‌ درێژایی ساڵانی رابردوو گه‌شه‌ی كردووه‌. ئه‌م شه‌قامه‌ به‌ناوبانگه‌ ، كه‌ مێژووه‌كه‌ی بۆ سه‌ده‌ی هه‌شته‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، رۆڵێكی زۆر گرنگ له‌ ژیانی رۆشنبیری و بووژانه‌وه‌ی زوبانی عه‌ره‌بی و هونه‌ردا ده‌بینێت و بووه‌ته‌ په‌ناگه‌یه‌كیش بۆ نوسه‌ران و دانه‌ران له‌ هه‌موو پاشخانه‌ ئاینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا . له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌، شه‌قامه‌كه‌ بووه‌ته‌ هیمای یه‌كڕیزی و سیمبولی ئاهه‌نگه‌كه‌ی ئه‌مڕۆشمان .

"رۆژی جیهانیی زوبانی عه‌ره‌بی" به‌ بڕیارێكی ده‌سته‌ی راپه‌ڕاندنی یونیسكۆوه‌ له‌ساڵی ٢٠١٢ دامه‌زراوه‌. ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ له‌لایه‌ن وڵاتانی مه‌غریب و عه‌ربستانی سعودییه‌وه‌ پێشنیار كرابوو به‌مه‌به‌ستی گه‌شدان به‌ هه‌مه‌زوبانی و جیاوازیی كه‌لتوری و هه‌روه‌ها یادكردنه‌وه‌ی رۆڵی زوبانی عه‌ره‌بی له‌ پاراستن و بڵاوكردنه‌وه‌ی شارستانیی و رۆشنبیری مرۆییدا.

© 2020 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.