چوار شەممە, 17 ئازار 2021 11:20

یادکردنەوەی ڕۆژی جیهانیی ژنان | وتاری ئینگیبیۆرگ سۆلرون گیشلادۆتیر جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بۆ کاروباری سیاسی و یارمەتیدانی هەڵبژاردنەکان گرنگ

نووسراوە لەلایەن: 

دووشەممە، ١٥ی ئاداری ٢٠٢١

جەنابی حەسەن ئەلکەعبی، جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق

کۆمیسار ئەحلام ئەلجابری، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق

دکتۆر یوسرا کەریم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتی بەتواناکردنی ژنان بە وەکالەت

باڵیۆز رەند ئەلڕەحیم، سەرۆكی دەزگای ئازادیی عێراق

ئەندامانی بەرێزی پەرلەمان

نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی

هاوەڵکارانمان لە خانەوادەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەندامانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی

میوانە بەڕێزەکان

ئامادەبووانی بەڕێز

خۆشحاڵم و شانازییەکی گەورەیە بۆ من کە لە یەکەم ئەرکم وەک جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە لە عێراق بەخێرهاتنی بەڕێزتان بکەم بۆ ئەم یادکردنەوەیە کە لە ڕێگەی ئەنتەرنێتەوە ئەنجام دەدرێت بۆ بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانیی ژنان. منیش لە وڵاتی خۆم بۆ ماوەی چارەکە سەدەیەک سیاسەتمەدار بووم و شایەتحاڵی و بگرە بەشداریش بووم لە پێشڤەچوونی گەورەی بەشداریی ژنان لە کاری سیاسیدا لەو سەردەمەدا.

سەرباسی جیهانیی ئەمساڵیش بریتییە لە "ژن لە سەرکردایەتیدا: بەدەستهێنانی ئایندەیەکی یەکسان لەسەردەمی پەتای جیهانیی کۆڤید-١٩" دا بەڵام ئێمە لە هەمان کاتدا کە خوازیاری رۆڵی زیاتری ژنانین لە داهاتوودا ڕێزی خۆمان بۆ ژنان دەردەبڕین لە رابردوو و ئێستادا و هەروەها دەسکەوتەکانیشیان لە چەندین بواری ناو کۆمەڵگادا بەرز دەنرخێنین. ئێمە هەروەها ستایشی هەوڵەکانیشیان دەکەین بۆ باشکردنی ژیانی خێزانەکانیان و پەرەدان بە ئاشتەوایی ناو کۆمەڵگا و داکۆکیکردن لە کۆمەڵگایەکی یەکسان و دادپەروەر و رۆڵی گرینگیان لە بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆڤید-١٩ دا.

سەبارەت بە عێراقیش، سەر باسەکەی ئەمساڵی رۆژی جیهانیی ژنان زۆر گونجاوە بەو پێیەی وابڕیارە کە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت. بەشداریی ژنان لەم هەڵبژاردنەدا لەژێر دوو کاریگەری جیاوازدا دەبێت بەو پێیەی لەلایەک پەتای کۆڤید-١٩ کاریگەریی خۆی دەبێت و لەلایەکی تریشەوە چالاکبوونی ژنان خۆیان. پێشبینیش دەکرێت کە ئەو ژنە گەنجانەی کە لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەرچوون، بەگرتنەخۆی خۆپیشاندانەکانیشەوە، بۆ یەکەمجار لە رێگەی پارتە سیاسیەکان و هاوپەیمانییەکانەوە یانیش بەشێوەی سەربەخۆیانە وەک پاڵێوراو بەشداری هەڵبژاردن بکەن. هەڵبژاردنی داهاتوو هەلێکی گرینگە بۆ پەرەدان بە بەشداریی ژنان لە ژیانی گشتیدا لەڕێگەی هەوڵ و کاری پێکەوەییەوە.

ئەو توێژینەوەیەی کە لەلایەن نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی) بە هاوکاریی "کۆمیسیۆنی ئابوری و کۆمەڵایەتی بۆ ئاسیای ڕۆژئاوا (ئێسکوا)" و "دەزگای ئازادیی عێراق" ئەنجام دراوە دەبێتە سەرچاوەی سەرەکیی تاووتوێیەکەی ئەمڕۆمان کە نیشاندەری وێنەیەکی روونە لەسەر ئەو ئاڵنگارییانەی ڕوبەڕووی ژنان دەبنەوە لە کاتی چوونیان بۆ ناو بواری سیاسی.

دەرەنجامەکانی توێژینەوەکەمان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە توندوتیژی دژی ئەو ژنانەی کە دەیانەوێت بەشداری لە ژیانی سیاسیدا بکەن بووەتە گرفتێکی گەورە کە خۆی لە چەندین شێوازدا دەبینێتەوە. لەلایەکی ترەوە، ناوزڕاندنیش لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکاندا بەربەستێکی گەورەی تری بەردەم بەشداریی ژنانە و بگرە ئاستەنگێکی سەختی سەر رێگای راستەقینەی دیموکراسی و حوکمی کاریگەرانەشە. بەڵام بە دیوە باشەکەشیدا، دەرەنجامەکان دەرخەری ئەوەشن کە هێشتاش ژنان هەر دەتوانن لە ڕکەبەریی ڕاستەقینەی سیاسیدا براوە بن و ئەوەی کە ئەوان پێویستیانە تەنها رەخساندنی هەلی یەکسانە.

بۆیە ئێمە دەسخۆشی لە دامەزراندنی ئەمدواییەی لێژنەی باڵای چاودێریکردنی پەرەپێدانی بەشداریی ژنان دەکەین لە هەڵبژاردنەكاندا. ئەرکی ئەو لێژنەیە کارکردنە لەسەر ئەو بابەتانەی کە پەیوەندییان بە توندوتیژی دژی پاڵێوراوە مێیینەکانەوە هەیە کە بەربەستێکی سەرەکییە لەبەردەم بەشداریی تەواو و چالاکانەی ژنان لە پرۆسەی هەلبژاردن دا.

ئەو دروشمە کۆنەی کە دەڵێت "بەبێ ئێمە هیچ شتێک نییە لە بارەی ئێمەوە" لەسەر بەشداریی ژنان جێبەجێ دەبێت. راوێژکردن لەگەڵ ژنانی عێراق لە هەموو چین و توێژەکان لەوپەڕی گرینگیدایە بەگرتنەخۆی بەشداریی زیاتر لەگەڵ ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەتدا. لەم ڕووەوە، ئەوە زۆر گرینگە کە لە چاوەڕوانی و پێداویستییەکانی پێش هەڵبژاردنیان تێبگەین بە مەبەستی نەهێشتنی ئەو بەربەستانەی کە رەنگە بۆ بەشدارییان لە پرۆسەی سیاسیدا ببنە ئاستەنگ.

لێرەوە تا کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن، نوسینگەی هاریکاریکردنی یونامی بۆ هەڵبژاردن لەگەڵ عێراقییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکاندا بەشدار دەبێت بۆ هێنانەکایەی هەڵبژاردنێک کە بتوانێت وەڵامدەرەوەی جێندەری بێت بەگرتنەخۆی بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاریی دەنگدەرە مێینەکان لەگەڵ دابینکردنی ڕاهێنانی تایبەت بۆ راگەیاندن و پارتە سیاسییەکان لەسەر ئەوەی کە چۆن بتوانن ڕووبەڕووی قسەی ناشیرینی کیناوی ببنەوە و هەروەها بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاریش سەبارەت بە نەریتە جیاکارییەکان دژی چالاکوان و پاڵێوراوە مێیینەکان.

لەمەش زیاتر، ئێمە پشتگیری لە بەرنامەکانی تواناسازیی "لێژنەی باڵا" دەکەین سەبارەت بە پەرەدان بە بەشداریی ژنان لە هەلبژاردندا. ئێمە هەروەها وەک خانەوادەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەین بۆ هەر جۆرە هاریکارییەک بەگوێرەی ئەرکی پێسپێردراو (ماندێت) ەکەمان.

لە کۆتاییدا، من هیوادارم کە ئەم تاوتوێیە لەسەر دەرئەنجامەکانی توێژینەوەکە و ڕاسپاردە پێشنیار کراوەکانی پەیوەست بە بەشداریی ژنان لەسەر کاری پێکەوەیی هانمان بدات لەپێناو پەرەدان بە نوێنەرایەتی و بەشداریی ژنان چونکە بەبێ بەتواناکردن و بەشداریی تەواوی ژنان لە پرۆسەی بڕیاردان لە دروستکردنی کۆمەڵگادا وەک باڵندەیەکی باڵ شکاو وایە کە هەرگیز توانای فڕینی نابێت. دەی دەبا هەموومان بکەوینە گەڵ هێزەکان و چی پێمان بکرێت بیکەین بۆ دڵنیابوون لەوەی کە عێراق توانای فڕینی هەیە.


لەگەڵ هیوای تاووتوێیەکی بەرهەمدار

زۆر سوپاس

زانیاری زیاتر

  • Agency: UNAMI
© 2021 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.