سێ شەممە, 16 ئازار 2021 10:35

یونامی و "دەزگای ئازادیی عێراق" هاوبەشانە یادی ڕۆژی جیهانیی ژنان دەکەنەوە گرنگ

بەغدا، ١٥ی ئاداری ٢٠٢١:- بە مەبەستی یادکردنەوەی ڕۆژی جیهانیی ژنان، نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی) و "دەزگای ئازادیی عێراق" هاوبەشانە تاووتوێیەکی چڕوپڕیان لەگەڵ گەورە بەرپرسانی سەرکردایەتیی عێراق و داڕێژەرانی بڕیار و ئەندامانی پەرلەمان و ئەندامانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ساز کرد بۆ تاوتوێکردنی دەرەنجام و راسپاردەکانی ئەو توێژینەوەیەی کە لە ٢٠٢٠ لەسەر ئەو پێویستی و ئاڵنگارییانە کرابوو کە ڕوبەڕوی ژنانی عێراق دەبنەوە لەکاتی چوونیان بۆ ناو سیاسەت.

شایانی باسە هەر یەک لە بەڕێز حەسەن ئەلکەعبیی جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بۆ کاروباری سیاسی و یارمەتیدانی هەڵبژاردنەکان، خاتوو ئینگیبیۆرگ سۆلرون گیشلادۆتیر، و باڵیۆز رەند ئەلڕەحیم و سەرۆکی "دەزگای عێراق"، دکتۆر یوسرا کەریم موحسین، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتی بەتواناکردنی ژنان بە وەکالەت، و سکرتاریەتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیران و کۆمیساری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، دکتۆر ئەحلام عەدنان ئەلجابری، وتاریان هەبوو.

ئەنجامەکانی توێژینەوەکەش ئەوە دەردەخەن کە ژنانی عێراق لەکاتی چوونیان بۆ ناو بواری سیاسی و هەروەها ئەوانەی پێشتریش لە نووسینگە گشتییەکاندا بوون بەردەوام ڕوبەڕووی ئاڵنگاریی کومەڵایەتی و کەلتوری و دارایی دەبنەوە کە دەبنە مایەی بەربەست لە بوونیان بە سەرکردەی کاریگەر. بەڵام ئەنجامەکانی توێژینەوەکە بە دیوە باشەکەشیدا نیشاندەری ئەوەن کە ژنان هێشتاش هەر دەتوانن لەڕێگەی گرتنەبەری چەندین شێوازی جۆراوجۆرەوە هەڵبژاردن ببەنەوە و بگرە ڕاسپاردەش بدەنە بەرپرسانی دەستڕۆیشتوو لەسەر چۆنیەتی پەرەدان بە بەشداریی ژنان. هەر لە هەمان کۆبوونەوەدا، سیاسەتێک لەبەر رۆشنایی ئەم دەرئەنجامانە بۆ بەهێزکردنی بەشداریی ژنان لە سیاسەتدا خرایەڕوو.

ئامادەبووان کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە هەبوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و نەهێشتنی ئەو ئاڵنگارییە جۆراوجۆرانەی کە دەبنە بەربەست بۆ بەشداریکردنی تەواو و چالاکانەی ژنان پێویستیان بە کاری هاوبەشانەی گەورە بەرپرسانی حکومی و پارتە سیاسییەکان هەیە لەڕێگەی چەندین ستراتیژی جۆراوجۆرەوە بەگرتنەخۆی گۆڕینی نەریتی چەقبەستوو و ڕەخساندنی کەشێکی ئازادی دوور لە ئەنجامدانی توندوتیژی دژی پاڵێوراوە مێیینەکان. ئامادەبووان هەروەها دەسخۆشیشیان لە دامەزراندنی ئەمدواییەی "لێژنەی باڵا بۆ پەرەدان بە بەشداریی ژنان" کرد بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو.


وێنە: ئیڤان دجۆردجێڤیک لە بەشی ڕاگەیاندنی یونامی

© 2021 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.