دوو شەممە, 21 کانونی یەکەم 2020 09:49

بەهۆی هاوكاری هۆڵەنداوە بۆ یونیسێف و بەرنامەى نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ پەرەپێدان نزیكەی 960,000 كەس لە بەسرە ئاوی خواردنەوەی پاکیان بۆ دەستەبەر دەکرێت گرنگ

21ی كانونی یەكەمی 2020، بەغدا، عێراق- وڵاتی هۆڵەندا بڕی 6,41 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی تەرخانكردووە بۆ پاڵپشتیكردنی یونیسێف و بەرنامەى نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ پەرەپێدان تاوەكو ئاوی پاک بۆ نزیكەی یەك ملیۆن لە دانیشتوانى پارێزگای بەسرە دابین بكرێت. ئەم هاوكارییەش لە كاتێكدا دێت كە كەمتر لە 11%ی دانیشتوانی بەسرە ئاوی پاكی خواردنەوەیان بۆ دەستەبەر كراوە و زۆرینەی ماڵەكان ( 8 ماڵ لە كۆی 10 ماڵ) تەنها 10 كاتژمێر ئاویان بۆ دابین دەكرێت لە رۆژێكدا. لەگەڵ بەردەوامبوونی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا، دەستەبەركردنی ئاوی پاكی خواردنەوە بۆ دانیشتوانەكە لە هەر كاتێكی دیكە زیاتر بۆتە پێویستییەکی بە پەلە.

باڵیۆزی شانشینی هۆڵەندا، بەڕێز ميشيل رينتينار، روونی كردەوە كە "دەستەبەركردنی ئاوی پاك یەكێكە لە مافە بنەڕەتییەكانی مرۆڤ و ئەم دەستەبەركردنەش تەنها بە بوونی سیستەمێكی باشی بەڕێوەبردنی ئاو بەدی دێت. هۆڵەندا زۆر خۆشحاڵە بە دابینكردنی هاوكاری لە رێی پێشكەشكردنی شارەزایی بەرفراوان لەم بوارەدا و بەشداریكردنمان لە باشتركردنی ژیانی هاوڵاتییانی بەسرە."

سەرهەڵدانی قەیرانی ئاو لە چەند ناوچەیەكی بەربڵاوی عێراقدا بۆ بوونی ناكۆكی و گۆڕانی كەش و هەوا و پیسبوون و كەمی ئاو و پاشماوەی ژینگەیی دەگەڕێتەوە. بەسرە، كە دەكەوێتە باشووری وڵاتەكەوە، زیانمەندترین پارێزگایە و نەبوونی پرۆژەی گونجاوی ئاوەڕۆ و خاوێنی هێندەی دیكە بارودۆخەكەی ئاڵۆز كردووە. زۆرینەى دامەزراوەكانی چاودێری تەندروستی و قوتابخانەكان ئاوی پاك و سابونیان تێدا بەدی ناكرێت، بەمەش دانیشتوانە دۆخناسکەکان، لە نێویاندا منداڵان و ئافرەتان، زیاتر تووشی ئەو نەخۆشیانە ببنەوە كە دەتوانرێت رێیان لێبگیرێت، وەک نەخۆشی سكچوونی ئاویی توند.

خاتوو حەمیدە لاسێكۆ، نوێنەری یونیسێف لە عێراقدا رایگەیاند كە "ئەم هاوكارییەی حكومەتی هۆڵەندا جیاوازییەكی راستەقینە لە ژیانی 960,000 لە دانیشتوانی بەسرەدا دروست دەكات، لە نێویاندا ژیانی ژمارەیەكی زۆر لە منداڵان و خێزانەكانیان. بەهۆی ئەم سەرچاوانەوە و بە هاوبەشی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەسرە و بەرنامەى نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ پەرەپێدان، یونیسێف دەتوانێت هاوكاری هەوڵەكانی بەڕێوبەرایەتی ئاو بكات بۆ پاراستنى ئاو، ئەمەش لە ڕێگای پێدانی ئامێری زیرەك بۆ پێوانەكردنی بەكارهێنانى ئاو و بەدواداچوون و ڕێگریکردن لە لێچوونەكانی ئاو . هەروەها دەتوانین دڵنیابین لەوەی كە ژمارەیەكی زیاتری منداڵان، بەلایەنى كەمەوە، لە 100 قوتابخانەدا ئاوی پاکیان بۆ دابین دەكرێت. خێزانەكانیش دەتوانن بە ئاسودەییەوە كاری چێشتلێنان و خاوێنكردنەوە ئەنجام بدەن و دڵنیابن و نیگەران نەبن لەوەی لە كاتی دەست شوشتندا تووشی نەخۆشی دەبن بەهۆی بەركەوتەیان بە ئاوەكەوە."

سەرباری ئەوەش، لەبەر ئەوەی دەیان ساڵە وەبەرهێنان لە دامەزراوەكانی وەک وێستگەكانی راكێشانی ئاو و پاڵاوتنەوەی ئاودا نەکراوە، ژێرخانەکە وێران بووە. وەك بەشێك لە پابەندبوونیان بە گرتنەبەری چارەسەرێكی درێژخایەنەوە، یونیسێف و بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان كار بۆ بنیاتنانەوەی ژێرخانی ئاوی عێراق دەكەن. هاوكاری ئەم دواییەی هۆڵەندا پاڵپشتییە بۆ ئاژانسەكان بۆ ئەوەی لە پاڵ بەردەوامیدان بە كاری درێژخایەنی خۆیاندا فریاگوزاری راستەوخۆ بۆ دانیشتیوانی بەسرە دەستەبەر بكەن.

خاتوو زینە عەلی ئەحمەد نوێنەری نیشتەجێی بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان گوتى: "بەهۆی ئەم هاوكارییە دەستکراوەیەى هۆڵەنداوە، لەگەڵ یونیسێف و حكومەتدا هەوڵەكانمان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی ژمارەیەكی زیاتری عێراقییەكان ئاوى پاکیان دەست بکەوێت کە مافێکى سەرەتایى خۆیانە. بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆپەرەپێدان ئەو میتۆدە سەلمێنراوانەى خۆى بەکاردەهێنێت بۆ دووبارە نۆژەنکردنەوەى چوار كۆمەڵگای ئاوی سەرەكی كە پەكیان كەوتووە، لەگەڵ جەختكردنەوە لەسەر ئەو كەسانەی لە زۆرترین باری لاوازیدان و دڵنیابوونەوە لەوەی كەس بێبەش نەكرێت."

*****

لەبارەی یونیسێفەوە 

یونیسێف، لە هەموو ئەو كارانەدا كە ئەنجامیان دەدات پەرە بە تەندروستباشی و مافەكانی هەموو منداڵێك دەدات . ئێمە لەگەڵ هاوبەشەكانماندا لە 190 وڵات و هەرێمدا كار دەكەین بۆ ئەوەی ئەم پابەندبوونە بكەینە هەنگاوی كرداری، هەوڵێكی تایبەت چڕ دەكەینەوە بۆ گەیشتن بەو منداڵانەی لە نالەبارترین دۆخدان و پەراوێز خراون، ئەمەش لە پێناو بەرژەوەندی سەرجەم منداڵان لە هەموو شوێنێكدا. بۆ زانیاری زیاتر لەبارەی یونیسێف و كارەكانی بۆ بەرژەوەندی منداڵان، سەردانی ئەم ماڵپەڕە بكە : https://www.unicef.org/iraq/

لەبارەی بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانەوە

بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان رێكخراوێکى پێشەنگی نەتەوە یەكگرتوەكانە کە کار بۆ نەهێشتنى نادادپەروەرى هەژارى و نایەکسانى و گۆڕانى ژینگە دەکات. بەهۆی كاركردنمان لەگەڵ تۆڕە بەرفراوانەكەمانەوە لە شارەزایان و هاوبەشەكانمان لە 170 وڵاتدا، كار بۆ داڕشتنی چارەسەرێكی درێژخایەن و هەمەلایەن دەكەین بۆ هەسارەى زەوی و بۆ دانیشتوانەكەی. زانیاری زیاتر لەم بەستەرەدا بەدەست بهێنە iq.undp.org or follow at @UNDPinIraq

راگەیاندنەكان دەتوانن پەیوەندی بكەن بە: 

یونیسێف: 

زینە عەواد، بەرپرسی پەیوەندییەكان لە عێراق

ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.

009647827820238

ئینۆسێنت كافێمبە، تایبەتمەندی پەیوەندییەكان

ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.

009647510150949

بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان: 

فەی داوود،شارەزاى بوارى پەیوەندییەكان، بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق

ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.

009647801976460

© 2021 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.