شەممە, 15 ئاب 2020 10:38

ئافرەتانی ئاوارەی ناوخۆیی لەسەر بەخێوکردنی پەلەوەر بۆ مەبەستی خۆراك و داهات راهێنران گرنگ

نووسراوە لەلایەن: 

بیست ئافرەتی ئاوارەی ناوخۆیی نیشتەجێی کامپی ئاوارەکان لە شێخان سوودمەند بوون لە پرۆژەیەکی رێکخراوی پەرەپێدانی پیشەسازیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیدۆ) بە پاڵپشتی دارایی حکومەتی یابان بۆ بەخێوکردنی پەلەوەری ماڵی؛ ئەمەیش وەك دەستپێشخەرییەك بۆ پێشخستنی تواناسازیی ئابوری و رێگەخۆشکردن بەرەو ئەوەی ببن بە خاوەن پرۆژەی خۆیان. بە مەبەستی بەرهەمهێنانی هێلکە، بەرنامەکە مریشکی هێلکەکەر و ئالیك و کوولانەی مریشك بە هەر یەکە لەو خێزانانە دەبەخشێت لەگەڵ پێشکەشکردنی راهێنانی هێزی کار بۆ دامەزراندن و بەردەوامیدان بە پرۆژەی خۆیان.

لە چوارچێوەی ئەم پرۆژەیە، ٤٠٠ مریشك و، ٢٠ کوولانە و (٥.٥) تەن ئالیك بەسەر بەشداربوواندا دابەش کرا. بە دابینکردنی ئەم مریشکانە کە بە تێکڕایی توانای دانانی تا ٣٠٠ هێلکەیان هەیە لە ماوەی ساڵێك، پرۆژەکە بە ئاسانی دەتوانێت بژێوییەکی زۆر پێویست و هەروەها داهاتیکیش بە هەر یەکە لە ئەو خێزانە کەمدەستانە ببەخشێت و، بەم شێوەیەش رادەی پشتبەستینیان بە یارمەتییە فریاگوزارییەکان کەم دەکاتەوە و دۆخی تەندروستییان باشتر دەکات.

پرۆژەی لەم شێوەیە زۆر گرنگ و پێویستن بۆ ئەو خێزانانەی لە کامپی ئاوارە راگوازراوەکانی شێخان دەژین. دوای شەش ساڵ لە ئاوارەبوونیان، هیوایەکی کەمیان بەوە هەیە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و دەست بە ئەو ژیانە بکەنەوە کە لە رابردوودا هەیانبووە.

حەنان سەعید، کە ئافرەتێکی خێزاندار و دایکی دوو منداڵە و لە ساڵی ٢٠١٥وە ئاوارەی ئەو کامپەیە، یەکێکە لە سوودمەندانی پرۆژەکەی رێکخراوی یونیدۆ. پێش ئەم پرۆژەیە، حەنان کاری دروێنە و، چنینەوەی پەتاتە و پاقلەمەنییە باوەکانی کردووە بە مامناوەندی کرێی رۆژانەی ٤ دۆلار. مێردەکەی بە هۆی کەمئەندامییەوە ناتوانێت کار بکات، بۆیە ئەو ٤ دۆلارە لەگەڵ هەندێ یارمەتیی فریاگوزاریی کە لە کامپەکە دەدرێت تەنها دەرامەتی ئەو خێزانە بووە. ئەو ٨ کاتژمێرە لە کارکردنی رۆژانە کە تەنها لە وەرزی دروێنەدا دەست دەکەوێت کارێك نییە بژێویی پێ دەربچێت.

راستییەکی تاڵ بۆ ئاوارە ناوخۆییەکان ئەوەیە کە زەحمەتە کاریان دەست بکەوێت. کاری دروێنە و چنینەوەی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان، زۆربەی جار لە دەرەوەی کامپەکەیە، زۆربەی کاتیش تەنها هۆیەکە بۆ پەیداکردنی داهات و ئەوەندەش نییە خێزانێك بژێنێت.

سەبارەت بە پرۆژەکەی یونیدۆ، حەنان دەڵێت: "هەمیشە خەمی ئەوەم بووە چۆن سەرچاوەیەکی متمانەپێکراوی دەرامەت پەیدا بکەم بۆ بژێوی خێزانەکەم. ئەم پرۆژەیە زانیاریی زۆر و فراوانی پێ بەخشیم لەبارەی بەخێوکردنی مریشکی خۆماڵی. ئێستا دەتوانم لە نزیك ماڵی خۆم بم و دەرامەتێکی جێگیر پەیدا بکەم و هەروەها ئاگام لە خێزانەکەیشم بێت. منداڵەکانیشم خۆشحاڵن چونکە دەزانن کە دەتوانم هەموو رۆژێك خواردن و هەندێ دەرامەت بەدەست بهێنم."

عەدۆل عەلی حەمیکە، کە ئافرەتێکی ٤٢ ساڵی تەڵاقدراو و دایکی شەش منداڵە، بە هەمان شێوە کاری کرێکاری وەرزیی لە چنینەوەی پەتاتە و پاقلەمەنی کردووە پێش ئەوەی لە پرۆژەکەی یونیدۆ بەشداری بکات.

"ئێستا ژیانم زۆر باشترە،" عەدۆڵ وەها باس دەکات. "کولانەکان زۆر باش و قایم دروست کراون و، بڕێکی زۆر ئالیکمان وەرگرتووە". عەدۆل بە خۆشحاڵییەوە دەڵێت: "سەرەڕای ئەو داهاتەی بە دەستی دەهێنم، هێلکەفرۆشتن چێژی تایبەتم پێ دەبەخێت چونکە من مریشك وەك ئاژەڵی ماڵی و هاوەڵ تەماشا دەکەم."

زانیاری زیاتر

  • Agency: UNIDO
© 2020 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.