پێنج شەممە, 26 ئازار 2020 17:11

پەیامێک لە نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، جێنین هێنیس-پلاسخارتەوە

گەورەکردنی قەوارەی ئەو ئاڵنگارییەی کە ئێستا بەرۆکی عێراقی گرتووە بەڕاستی کارێکی قورسە لە کاتێکدا قەیرانە سیاسی و ئاسایشی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانیش بە هۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە (کۆڤید ١٩) زیاتر ئاڵۆز و دژوار بوون.

لە ڕاستیدا ئەمە دۆخێکی پێشتر نەبینراوە. هەروەک لەم دواییەدا، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڕێز ئەنتۆنیۆ گوتێرس، وتی کە ئەم دۆخە دژوارە پێویستی بە گرتنەبەری رێوشوێنی خۆپارێزی بێوێنەش هەیە. کاری هەرە لەپێشینەش وەستاندنی تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکەیە. من لێرەوە دەسخۆشی لە هەوڵە چڕوپڕەکانی هەموو دامودەزگاکانی حکومەت دەکەم لە پێشگرتن بەم پەتایە. بەڵام ئەمە شەڕی هەموو کەسێکە چونکە قەوارەی هەوڵەکانی حکومەت چەند گەورە بن هەرگیز بێ بەشداریی چالاکانەی تەواوی خەڵک هیچ ئەنجامێکیان نابێت.

من لێرە دەمەوێت قسەکانی ئایەتوڵڵا سیستانیتان وەبیربێنمەوە کە داوای لە هەموو عێراقیەکان کرد بۆ پابەندبوونیان بە ئامۆژگارییەکانی پەیوەست بە خۆدوورگرتن و تێکەڵنەبوون بەژمارەیەکی زۆر چونکە مەترسی لێکگرتنەوە و تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە ئەگەرێکی زۆر بەهێزە. من دووبارە هەروەک لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەی ئەمدواییەشم ئاماژەم پێکرد لەگەڵ وەزیری تەندروستی، بەڕێز جەعفەر عەللاوی و نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانیدا، دکتۆر ئەدهەم ئیسماعیل، ئەوە دووپات دەکەمەوە کە هەموو کۆبوونەوەیەکی وەرزشی و کەلتووری و ئاینی یان هەر جۆرە گردبوونەوەیەکی تر پێویستە قەدەغە بکرێن بۆ پێشگرتن لە تەشەنەکردنی خێرای ئەم پەتایە.

خۆدوورگرتنی فیزیکی و پاکوخاوێنی تەندروست و خۆدابڕان ڕەنگە کار لە خۆشگوزەرانی ئابووری و سۆزداری بکەن. لەم جۆرە کاتانەدا ئەوە ئەوەمان لەبیر بێت کە هەر هەموومان یەک چارەنووسمان هەیە نەک هەر بە تەنیا عێراقییەکان لەهەر چین و توێژێک بن بەڵکو تەواوی مرۆڤایەتی لەسەرتاسەری جیهاندا. خەڵک هەرگیز نابێت شەرم لە پەیڕەوکردنی ڕێنماییەکان بکات لە پێناو پاراستنی گیانی خۆیان و خەڵکی تردا. هەموو کچ و کوڕ و ژن و پیاوێکیش رۆڵی گرینگیان لەم شەڕەدا هەیە و هەمووشمان پێویستە شانازی بەو رۆڵەتانەوە بکەین. ئەوە کە چۆن هەر یەک لە ئێمە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا دەکەین بڕیاری ئەوە دەدات کە کەی دەگەڕێینەوە سەر ژیانی ئاسایی.

ئەمە هەواڵێکی خۆشە کە بزانین چی شتێک کار دەکات و بەسوودە. ئێمە ئێستا بە رێوشوێنەکان ئاشناین کە چۆن ئەگەر بە ئارامی و جێگیری بیانگرێنەبەر ئەوە بەدڵنیاییەوە تەشەنەکردنی پەتایەکە ڕادەگرین. بێگومان پابەندبوون بە ڕێنماییەکانەوە بەردی بناغەی پاراستنی خۆت و خێزان و خۆشەویستانت و تەواوی کۆمەڵگایە.

بەو پێیەی خەڵکی عێراق لە رابردوودا بەسەر دۆخی لەم بابەتەدا زاڵ بوون دڵنیام بە بڕیاری شێلگیرانە و هەماهەنگییان بەسەر ئەمەشدا زاڵ دەبن. من هیوایەکی زۆرم هەیە کە سەرکردە سیاسییەکانیش دواجار هەست بە هەستیاریی دۆخەکە دەکەن و بەیەکەوە و بە گیانی یەکڕیزیی نیشتمانی کۆدەبنەوە.

بەرێز گوتێرس داوای شەڕوەستاندنی بەپەلەی کرد لە سەرتاسەری جیهاندا بۆ چەقخستنەسەر ئەوەی بە "شەڕی ڕاستەقینە بۆ ژیان" ناوی برد. بەدڵنیاییشەوە لەمجۆرە دۆخانەدا هاوبەشکاری و بەرژەوەندی تەسک دەبێ بکەونە دوای پرسە نیشتمانییە باڵایەکە و بەرژەوەندیی خەڵکی عێراق.

نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەموو کاتێک زیاتر و بەتایبەتیش لەم کاتە هەستیارەدا پاڵپشتی خەڵکی عێراقە و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیش وەک پێشەنگێک یارمەتی مەیدانی و یارمەتی تەکنیکی و راهێنان پێشکەش دەکات و لەم رووەشەوە تەواوی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی لەگەڵدایە بۆ درێژەدان بە کارەکانیان لە کاتی قەیراندا.

ئێمە، هەر وەک چۆن پێویستیشە، لە بڕیاری شێلگیرانەمان بۆ شەڕکردن لەگەڵ ئەم پەتایەدا یەکگرتووین.

هەر ساغ و سەلامەت بن و ئاگاتان لەیەکتر بێت.

سوپاس

© 2020 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.