پێنج شەممە, 12 ئازار 2020 00:00

سكرتێری گشتی په‌یام سه‌باره‌ت به‌ په‌تای كرۆنا (كۆڤید ١٩) نیۆرك، ١١ی ئاداری ٢٠٢٠

هه‌ر هه‌موومان رۆبه‌ڕووی هه‌مان هه‌ڕه‌شه‌ی هاوبه‌شی په‌تای كرۆنا ڤایرۆسین (كۆڤید ١٩).

راگه‌یاندنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ سه‌باره‌ت به‌م په‌تایه‌ داوایه‌كه‌ بۆ كارپێكردنی هه‌موو كه‌سێك له‌ هه‌ر شوێنێكدا.

ئه‌مه‌ داوای هاوپشتی و به‌رپرسیارییه‌، دوای ئه‌وه‌ی وڵاتان یه‌كیان گرت پێویسته‌ خه‌ڵكیش یه‌ك بگرێت.

له‌وكاته‌ی كه‌ ئێمه‌ شه‌ڕی ئه‌م ڤایرۆسه‌ ده‌كه‌ین نابێ رێگه‌ بده‌ین ترس هه‌ر خۆشی ببێته‌ ڤایرۆسێك.

به‌ یه‌كه‌وه‌ به‌ فه‌رامۆش نه‌كردنی ئه‌م په‌تایه‌ ده‌توانین ئاراسته‌كه‌ی بگۆڕین.

زانست پێمان ده‌ڵێت كه‌ ئه‌گه‌ر وڵاته‌كان یه‌ك ده‌نگ بن له‌ مامه‌ڵه‌كردن و تاقیكردنه‌وه‌ و خۆدابڕین و به‌دواداچوون و به‌گه‌ڕخستنی خه‌ڵكه‌كانیان وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك ئه‌وه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌توانین گواستنه‌وه‌ و ته‌شه‌نه‌كردنه‌كه‌ی كه‌م بكه‌ینه‌وه‌.

من داوا له‌ هه‌موو حكومه‌ته‌كان ده‌كه‌م كه‌ هه‌رچی زووه‌ بكه‌ونه‌خۆ و هه‌وڵه‌كانیان چڕ بكه‌نه‌وه. ‌

به‌و پێیه‌ی ئه‌م په‌تایه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌موو كه‌سێك ده‌بێت پێویسته‌ هه‌ر هه‌موومان به‌ ئه‌ركی خۆمان هه‌ڵسین.

له‌ كاتێكدا كه‌ تازیه‌بارین بۆ ئه‌وانه‌ی گیانیان له‌ده‌ستدا و هه‌روه‌ها نیگه‌رانی خۆشمان بۆ ئه‌و خێزانانه ده‌رده‌بڕین كه‌ به‌ده‌ست ئه‌م په‌تایه‌وه‌ ده‌ناڵێنن، ئێمه‌ پێویسته‌ هاوپشتی خۆمان ده‌ربڕین بۆ توێژه‌ لاوازه‌كانی وه‌ك نه‌خۆش و به‌ساڵاچوو و ئه‌وانه‌ی كه‌ سیتسه‌مێكی ته‌ندروستییان لاوازه‌ و یانیش ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر لێواری هه‌ژارین.

ده‌با شێلگیرانه‌ و بێ ناوزڕاندن به‌ره‌وپێش هه‌نگاو بنێین.

تۆ ده‌توانیت له‌ ئه‌نجامدانی به‌شه‌ به‌رپرسیاریی خۆت پشت به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ببه‌ستیت.

ده‌با هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه‌ به‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌ هاوبه‌شه‌دا زاڵ بین.

© 2020 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.