یەک شەممە, 08 ئەیلول 2019 06:40

هەماهەنگسازی مرۆیی غەم و پەژارە بۆ مەرگی مینهەڵگرەوەیەک دەردەبڕێت

بەغدا، ٧ی ئەیلوولی ٢٠١٩:- مارتا روێداس، هەماهەنگسازی مرۆییی نەتەوە یەکگرتوەکان غەم و پەژارەی خۆی سەبارەت بە مەرگی مینهەڵگرەوەیەک دەردەبڕێت کە بۆ دەزگایەکی هەڵگرتنەوەی مینی سویسڕی، کە بارەگاکەی لە ژنێڤە، کاری دەکرد و لە ٣ی ئەم مانگە لە کاتی کاری مرۆیی پاککردنەوەی میندا لە ناوچەیەکی باشووری موسڵ گیانی لە دەستدا.

خاتو روێداس بە ناوی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگای مرۆییەوە سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی خانەوادەی کۆچکردوو، براندۆن پینسۆن، لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، و هاوەڵان و تەواوی کۆمەڵگای مرۆیی دەکات.

ئەو خاتوونە لەمبارەوە وتی " لە ڕاستیدا بە داخەوە بواری مرۆیی کارکەر ێکی قارەمانی لە دەستدا کە گیانی خۆی لە پێناو ڕزگارکردنی خەڵکی تردا بەخت کرد. ئەو کارە مین پاککردنەوەی کە کۆچکردوو کاری تێدا دەکرد گرنگییەکی لەڕادەبەدەری هەیە لە ناوچە رزگارکراوەکاندا بۆ گەڕانەوەی ئاوارە ناوخۆییەکان بۆ سه‌ر زێدی خۆیان. "

شایانی باسیشە، ژمارەیەک لە رێکخراوی تایبەتمەند سەرقاڵی کاری مین پاککردنەوەن لەو ناوچانەی کە لە دەست ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش رزگار کراون بە هەماهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی هەڵگرتنەوەی مینی عێراقی وێڕای ڕۆژانە ڕوبەڕوبوونەوەیان بە چەندان مەترسی وەک پارچەی نەتەقیوی بەجێماوی بەربڵاو.

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.